ئەمڕۆ هەینی 27ـی 6ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ویلیەم هێگ وەزیری دەرەوەی بریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد.

 

لە دیدارەکەدا سەرەتا وەزیری دەرەوەی بریتانیا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و ئاماژەی بەوەدا كە سەردانەكەی بۆ عێراق لە كاتێكی زۆر هەستیاردایە و عێراق بەدەست گرفتی ئەمنی و سیاسیی گەورەوە دەناڵێنێت و ئەگەر چارەسەر نەكرێت دەبێ چاوەڕوانی قووڵتربوونی كێشەی ئەمنی و بەهێزبوونی تیرۆریستان بین كە هەڕەشەیەكی گەورە بۆ ناوچەكە دروست دەكەن. لەم دیدارەدا وەزیری دەرەوەی بریتانیا داوای كرد كوردستان یارمەتیی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و دامەزراندنی حكوومەتی تازە بدات و ڕۆڵی كاریگەری خۆی بگێڕێت. ئەوەیشی خستەڕوو كە پێویستە حكوومەتی تازە لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە و بە بەشداریی گشت لایەن و پێكهاتەكان بێت. سەبارەت بە چارەسەركردنی بارودۆخی ئەمنیی عێراق، وەزیری دەرەوەی بریتانیا ڕایگەیاند كە بەر لەوەی بیر لە چارەسەری سەربازی بكرێت پێویستە چارەسەری سیاسی بۆ دەستپێكردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بدۆزرێتەوە و هەرێمی كوردستانیش دەتوانێ ڕۆڵی كاریگەری هەبێت. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری دەرەوەی بریتانیا ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاساییشی هەرێمی كوردستانی كرد لەوەی كە ڕێگەیان لە پێشڕەویی تیرۆریستان گرتووە بۆ ئەوەی نەتوانن دەست بەسەر ناوچە كێشە لەسەرەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا بگرن. وەزیری دەرەوەی بریتانیا سوپاس و دەستخۆشیشی لە هەرێمی كوردستان كرد بۆ یارمەتیدانی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە كە ڕوویان لە هەرێم كردووە و ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی هەوڵ دەدات هاوكاری و یارمەتیی زیاتر پێشكەشی ئاوارەكان بكات. پەیوەست بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا وەزیری دەرەوەی بریتانیا وێڕای ئاماژەدان بە سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی هیوای خواست پەیوەندییەكانی هەردوولا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی بریتانیا و شاندی یاوەری كرد و سوپاسی حكوومەت و گەلی بریتانیاشی كرد بۆ یارمەتیدانی گەلی كورد لە پڕۆسەی ئازادكردنی عێراق و، كوردستان زۆر بەباشی توانی سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت بۆ بووژانەوە و پێكەوەژیان.

سەبارەت بە بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراقیش سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا ئەوەی ڕووی داوە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی حكوومەتی بەغدا بووە و توندڕۆ و تیرۆریستانیش ئیستیغلالی ئیدارەدان و مامەڵەی هەڵەی بەغدایان كرد و ئەم بارودۆخە مەترسیدارە هاتە كایەوە. لەدرێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە چارەسەری سەربازی بەهیچ شێوەیەك كۆتایی بە قەیرانەكان ناهێنێت و پێویستە سەرەتا چارەسەری سیاسیی هەبێت ئەوەیش لەژێر ڕۆشنایی ئەو واقع و بارودۆخەی ئێستاكە لە عێراقدا هاتووەتە كایەوە. لەبارەی بەشداریی كوردستان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە لە دەساڵی ڕابردوودا ڕەفتارێكی وا لە دەسەڵاتدارانی بەغدا نەبیندراوە كە جێگەی ئومێد بیت و ئەو ڕەوشەی ئێستا لە ئارادایە بەهیچ شێوەیەك كورد لێی بەرپرس نییە، بەڵكو هۆكاری سەرەكیی كێشەكان حكوومەتی بەغدا و سیاسەتە هەڵەكانی بووە.

 

سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە دەسەڵاتدارانی بەغدا سوودیان لە دەرفەتەكان وەرنەگرت ئەگەرچی دەرفەت و هەلی زۆریان لەبەردەست بوو. ئێستا بارودۆخێكی دیكە هاتووەتە ئاراوە و كورد ئامادە نییە باجی هەڵەی ئەوانی دی بدات و بۆشمان ڕوون بووەتەوە كە دەسەڵاتدارانی بەغدا نایانەوێ كار بە مەفهوومی شەراكەت بكەن.

 

شایانی باسە لەدوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی بریتانیا هەر لە نووسینگەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری میدیای ناوخۆیی و بیانی پڕێسكۆنفڕانسێك بۆ سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی بریتانیا ڕێكخرا.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی